بسم الله الرّحمن الرّحیم

بۆ ھەموو لاوانی وڵاتانی رۆژاوایی

ئەو رووداوە تاڵانەی  کە ترۆریسمی کوێر لە فەڕەنسە تۆماری کردن ، بۆجارێکی دیکەی منی ھان دا بۆ وتووێژ لە گەڵ ئێوە لاواندا . بۆ من زۆر جێگەی داخ و مخابنە کە ئەو جۆرە رووداوانە ببن بە مایە قسەوباس ، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە ئەگەر پرسە بە ئازارەکان بوارێک نەڕەخسێنن بۆ چارەدۆزینەوە و بۆ ھاوبیری ، زیانەکە دوو ھێندە دەبێت .رەنج و ئازاری ھەر مرۆڤێک لە ھەر شوێنێکی جیھیاندا خۆی لە خۆیدا بۆ مرۆڤەکانی دیکە مایەی پەژارەیە .

 دیمەنی منداڵێک کە بەبەر چاوی ئازیزانیەوە گیان دەسپێرێ ، دایکێک کە شادیی بنەماڵەکەی لێ دەبێ بە ماتەم ، ئەو مێردەی کە جەستەی بێ گیانی ھاوسەرەکەی بە ھەڵەداوان بەرەو لایەک دەبات ، یان تەماشاوانێک کە نازانێ تا چەند ساتی دیکە دوایین پەردەی شانۆی ژیانی دەبینێ ، ئەوانە دیمەنی ئاوا نین کە ھەست و سۆزی ئینسانیی ھەڵنەخڕێنن .

 ھەرکەس تۆزکاڵێک مرۆڤایەتی و ڤیانیی تێدابێت ، لە دیتنی ئەم دیمەنانە خەمبار دەبێ ، چ لە فەڕەنسە رووبدات و چ لە فەلەستین و عێراق و لوبنان و سوریا . بێگومان یەک و نیو ملیار موسوڵمان ھەر ئەو ھەستەیان ھەیە و لە ئەنجامدەران و سەبەبکارانی ئەم کارەساتانە بێزارن . بەڵام پرسەکە ئەوەیە کە ڕەنج و ئازارەکانی ئەمڕۆ ئەگەر مایەی بنیاتنانی دواڕۆژێکی باشتر و ھێورتر نەبێ ، تەنیا بە بیرەوەریەکی تاڵ و بێسەمەر کەم دەبێتەوە .

من دڵنیام کە ئێوە گەنجانن کە بە وانەوەرگرتن لە کێشە و ئارێشەکانی ئەمڕۆ دەتوانن رێگای نوێ بۆ بنیاتنانی  داھاتوو بدۆزنەوە وببن بە لەمپەری ئەو رێگا چەپەکانەی کە رۆژاوای گەیاندووەتە خاڵی ئێستای .

راستە ئەمڕۆ ترۆریسم دەردی ھاوبەشی ئێمە و ئێوەیە ، بەڵام پێویستە بزانن نائەمنی و دڵەڕاوکەیەک کە لە رووداوەکانی ئەم دواییانەدا تاقیتان کردەوە ، لەگەڵ ڕەنج و ئازاری گەلانی عێراق ، یەمەن ، سوریا و ئەفغانستان کە  لە ماوەی ساڵانی بەدوای یەکدا کێشاویانە ، دوو جیاوازیی گەورەی ھەیە .

یەکەم ئەوەی کە جیھانی ئیسلام لە رەھەندی بەرفراوانتر ، لە قەبارەی گەورەتر و بۆ ماوەی زۆر دوور و درێژتر قوربانیی ترس و تۆقان نانەوە و توندی و تیژی بووە ، و دوھەم ئەوەی کە بەداخەوە ئەم توندی و تیژیانە ھەمیشەلە لایەن ھەندێ گەورە ھێز بە شێوازی جۆربەجۆر و بە شێوەی کاریگەر داکۆکیی لێکراوە . ئەمڕۆکە کەم کەس ھەیە بێ ئاگا بێت لە رۆڵی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەدیھێنان یان بەھێزکردن و پڕچەککردنی ئەلقاعیدە و تالیبان و کلکە وەیشوومەکانی ئەوان .

لە تەنیشت ئەم  پشتیوانیە راستەوخۆیەدا، لاگرانی ئاشکرا و ناسراوی ترۆریسمی تەکفیری بە پێچەوانەی دارابوونی دواکەوتووترین سیستمە سیاسیەکان ، ھەمیشە کەوتوونەتە ریزی ھاوپەیمانانی رۆژاوا . ئەوەش لە کاتێک دایە کە پێشەنگترین و رووناکترین بیر و ھزرەکانی سەرچاوەگرتوو لە گەلسالاریەکانی پێشڕەو لە ناوچەکەدا ، بێڕەحمانە سەرکوت کراون  .ھەڵسوکەوتی دووفاقیانەی رۆژاوا لە گەڵ بزاڤی بێداری ئیسلامیی لە جیھانی ئیسلامدا نمونەی دیاری دژبەیەکی و پارادۆکس لە سیاسەتی رۆژاوادایە . 

سیمای دیکەی ئەم دژبەیەکیە لەپشتیوانیی لە ترۆریسمی حکومەتیی ئیسراییلدا دەبینرێ . گەلی ستەملێکراوی فەلەستین زیاتر لە 60 ساڵە رووبەڕووی خراپترین چەشنی ترۆریسمە . ئەگەر دانیشتوانی ئوروپا ئێستا چەند رۆژێک لە ماڵەکانی خۆیان دەمێننەوە و خۆدەبوێرن لە ئامادەبوون لە شوێنە قەرەباڵغەکان ، بنەمەڵەیەکی فەلەستینی دەیان ساڵە تەنانەت لە ماڵەکەی خۆیدا لە چنگ مەکینەی کوشتار و تێکڕوخاندنی رژێمی زایۆنی لە ئەمان دانیە .

ئەمڕۆکە چ جۆرە توندی وتیژیەک لە باری دڵڕەقیەوە دەتوانین بەراورد بکەین بە شارۆچکەسازیی رژێمی زایۆنی ؟ ئەم رژێمە بێ ئەوەی کە ھەرگیز بە جددی و کاریگەر لە لایەن ھاوپەیمانانی دەسڕۆیشتووی خۆی یان لانیکەم دامودەزگا بە ڕواڵەت سەربەخۆکانی نێودەوڵەتیەوە سەرکۆنە بکرێ ، ھەر رۆژ ماڵی فەلەستینیەکان کاول دەکات و باغ و مەزراکانیان لەبەین دەبات ، بێ ئەوەی کە تەنانەت دەرفەتی گواستنەوەی کەلوپەلی ژیان یان دەرفەتی کۆکردنەوەی بەروبومی کشتوکاڵیی بەوان بدات و تێکڕای ئەم کارانە زۆربەی کات لە بەرامبەر چاوی ھەترەش بردوو و بە فرمێسکی ژنان و منداڵانێک رووەئەدەن کە شایەدی لێدان و ئازاردرانی ئەندامانی بنەماڵەکانی خۆیان و ھەندێ جار گوازرانەوەی ئەوان بۆ ئەشکەنجەگا سامناکەکانن .

ئاخۆ لە جیھانی ئەمڕودا دڵڕەقیەکی دیکە لەم قەبارە و ڕەھەندە و بەم بەردەوامیە دەناسن ؟ دەسڕێژکردن لە خانمێک لە چەقی شەقام تەنیا بە تاوانی ناڕەزایەتی بە سەربازی سەرتاپا پڕ چەک ، ترۆریسم نیە ؟ ئەم دڕندەکاریە لەبەر ئەوەی کە لە لایەن ھێزی سەربازیی حکومەتی داگیرکەر ئەنجام دەبێ ، نابێ پێی بگوترێ دەمارگرژی ؟ یان ڕەنگە ئەم وێنانە تەنیا لەبەر ئەوەی کە 60 ساڵ بەردەوام لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بڵاو ئەبنەوە ، ئیتر نابێ ویژدانی ئێمە بھاژێنێ ؟

لەشکەرکێشیەکانی ساڵانی رابردوو بۆ سەر دونیای ئیسلام کە خۆی قوربانیانی زۆری ھەبوو ، نمونەیەکی دیکە لە لۆژیکی پارادۆکسی رۆژاوایە . وڵاتانی ھێرش بۆسەر کراو ، جیا لە زیانی مرۆیی ، ژێرخانی ئابووری و پیشە سازیی خۆیان لەدەست داوە، ھەنگاونانی ئەوان بەرەو گەشە وەستاوە یان سست بووە . لە ھەندێ حاڵەتدا دەیان ساڵ بۆ دواوە گەڕاونەوە . سەرباری ئەوە ، گوستاخانە لەوانیان دەوێ خۆیان بە ستەملێکراو نەزانن .

چۆن دەکرێ وڵاتێک کاول بکەی و شار و گوندەکانی بکەیتە خۆڵەمێش ، لەپاشان بەوان بڵێی تکایە خۆت بە ستەملێکراو مەزانە ! لەجیاتی بانگێشتن بەرەو تێنەگەیشتن یان لەیادکردنی کارەساتەکان ، ئایا داوای لێبوردنی ڕاستگۆیانە باشتر نیە ؟ ئەو رەنجەی کە لەم ساڵانەدا جیھانی ئیسلام لە دووڕوویی و سیماگۆڕینی ھێرشبەرانەوە کێشاویەتی ، کەمتر لە زیان و خەسارە مادیەکانی نیە .

گەنجانی ئازیز ! من ھیوادارم ، ئێوە ئێستا یان لە داھاتوودا ئەم بۆچوونە ئالوودە بە ریاکاریە بگۆڕن ، بۆچوونێک کە ھونەرەکەی شاردنەوەی ئامانجە دوورەکان و رازاندنەوەی ئامانجی چەپەڵانەیە . بەبڕوای من یەکەم قۆناخ لە بەدیھێنانی ئاسایش ، ھەموارکردنی ئەم ھزرە توندوتیژەیە . تا کاتێک کە پێودانگی دوو فاقیی بەسەر سیاسەتی رۆژاوادا زاڵ بێ و تا کاتێ کە ترۆریسم لە ڕوانگەی لاگرانی بەھێزی ، بە چەشنی باش و خراپ دابەش بێت ، و تا رۆژێک کە بەرژەوەندیی حکومەتەکان بەسەر بەھا مرۆیی و ئەخلاقیەکاندا باڵادەست بکرێ ، نابێ بۆ ریشەکانی ترۆریسم لە شوێنی دیکە بگەڕێین .

بەداخەوە ئەم ریشانە بەدرێژایی ساڵان بەرەبەرە بە قوڵایی سیاسەتی فەرھەنگیی رۆژاوایشدا شۆڕبوونەوە و ھێرشێکی نەرم و بێدەنگی رێک خستووە . زۆر لە وڵاتانی جیھان شانازی دەکەن بە کولتوری خوجێیی و نەتەوەیی خۆیان ، ئەو کولتورانەی کە وێڕای پێشەنگیی و دەوڵەمەندیی ، سەدان ساڵ کۆمەڵگاکانی مرۆییان بە باشی دابین کردووە . جیھانی ئیسلامیش بەدەر لەم بابەتە نەبووە . بەڵام لە سەردەمی  ھاوچەرخدا ، جیھانی رۆژاوا بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی پێشکەوتوو پێدادەگرێ لەسەر ھاوشێوەسازیی کولتووریی جیھان .

من داسەپاندنی کولتوری رۆژاوا بەسەر گەلانی دیکە و  و بچووک کردنەوەی فەرھەنگ و چاندە سەربەخۆکان بە جۆرێک توندی و تیژی بێدەنگ و زۆر زیانبار دەزانم . شکاندنی کولتورە دەوڵەمەندەکان و بێ ڕێزیی بە بەڕێزترین بەشەکانیان لە کاتێکدا ئەنجام دەبێ کە کولتوری بەدیل بە ھیچ جۆر توانایی بەدیل بوونی نیە . بۆ وێنە دوو بابەتی « توندی و تیژی » و « بەڕەڵڵایی ئەخلاقیی» کە بەداخەوە بوونەتە فەکتەری سەرەکیی کولتوری رۆژاوایی ، بایەخ و جێگە و پلەی خۆی تەنانەت لە شوێنی سەرھەڵدانیشی لەدەست داوە .

 ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە کولتورێکی شەڕانی و بێ ڕەوشت و دوور لە مانامان نەوێ ، تاوانبارین ؟ ئەگەر ببینە لەمپەری ئەو لافاوە ماڵوێرانکەرەی کە لە قەواخی چەندین جۆر لە بەرھەمی نیمچە ھونەری بەرەو لای گەنجانی ئێمە دەنێردرێ ، خەتاکارین ؟ من گرنگایەتی و بایەخی پەیوەندیە رۆشنبیریەکان رەتناکەمەوە . ئەم پەیوەندیانە ھەرکات لە دۆخی ئاسایی و بەڕێزگرتن لە کۆمەڵگای وەرگر ئەنجام بووە ، گەشە و خەمڵینی بەدیاری ھێناوە . لەبەرامبەردا ، پەیوەندیی ناڕێک و نایەکسان و داسەپاو ناسەرکەوتوو و زیانبار بووە . بەوپەڕی مخابنەوە دەبێ بێژم گروپی پەستی وەک داعش زادەی ئەم جۆرە پەیوەندیە ناسەرکەوتووانە لە گەڵ کولتووی ھاوردەیین .

ئەگەر کێشەکە بەڕاستیی باوەڕیی بوایە ، دەبوایەلە چاخی ئیستعماریش ھاوشێوەی ئەم دیاردانە لە جیھیانی ئیسلامدا ببینرێ ، لە کاتێک دا کە مێژوو بەپێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێ . بەڵگەی حاشاھەڵنەگری مێژوویی بەڕوونی نیشان ئەدات کە چۆن تێکئاڵقانی ئیستعمار و بیرێکی توندڕۆ و فڕێدراو ئەویش لە ناخی ھۆزێکی بەدەوی دا ، تۆوی توندڕۆیی لەم ناوچەدا چاندووە ئەگینا چۆن دەکرێ لە لە یەکێک لە ئەخلاقی ترین و مرۆیی ترین قوتابخانە دینیەکانی جیھان کە لە ناخی خۆیدا گیان سەندنی تەنانەت یەک مرۆڤ وەک کوشتنی تێکڕای مرۆڤایەتی دەزانێ ، زبڵێکی وەک داعش بێتەدەرەوە ؟

لەلایەکی دیکەوە دەبێ بپرسین بۆچی کەسانێک کە لە ئوروپا بەدونیا ھاتوون و ھەر لەوێ لەباری فکری و رۆحیی پەروەردەبوونە ، پەلکێشی ئەم جۆرە تاقمانە دەبن ؟ ئایا ئەکرێ باوەڕ بکەین کەسان بە یەک دوو سەفەر بۆ ناوچە جەنگیەکان ، لەناکاو ئەوەندە دەمارگرژ بن کە ھاوڵاتیانی خۆیان گوللەباران بکەن ؟ بێگومان نابێ کارتێکەریی عومرێک پەروەردەی ناتەندروست لە شوێنێکی ئالوودە و بەدیھێنی توندی و تیژی لەیاد بکەین . دەبێ لەم بارەوە شرۆڤەیەکی تۆکمەمان ھەبێ ، شرۆڤەیەک کە پیسوپڵۆخیەکانی ئاشکرا و نەپەندیی کۆمەڵگا بدۆزێتەوە . ڕەنگە نەفرەتێکی قووڵ کە بەدرێژایی ساڵانی گەشەی پیشەسازیی و ئابووری لە ئەنجامی نایەکسانیەکان و ڕەنگە ھەڵاواردنی یاسایی و داڕشتیانە لە دڵی چین و توێژگەلێک لە کۆمەڵگا رۆژاواییەکان چێندراوە ، ھەندێ گرێی بەدی ھێناوە کە بەینابەین نەخۆش ئاسا بەم جۆرە سەرھەڵئەدا .

بەھەر حاڵ ئەوە ئێوەن کە دەبێ توێخ و توێژە رواڵەتیەکانی کۆمەڵگەی خۆتان لادەن و کینە و گرێکان بدۆزنەوە و بیانسڕنەوە . قەڵشتەکان لەجیاتی قوڵکردنەوە دەبێ چاک بکەنەوە . ھەڵەی گەورە لە نەھێشتنی ترۆریسم کاردانەوەی بەپەلەیە کە کەلێن و کەلەبەرەکان زیاتر بکات . ھەر ھەنگاوێکی ھەیەجانی و بەپەلە کە کۆمەڵگای موسوڵمانی دانیشتووی ئوروپا و ئەمریکا کە پێکھاتووە لە ملوێنان مرۆڤی کارا و بەرپرسایەتی ھەڵگر ، بخاتە تەریک مانەوە و دڵەڕاوکێ و زیاتر لە جاران ئەوان لە مافە سەرەکیەکانیان بێبەش بکات و لە گۆڕەپانی کۆمەڵگا دووریان بخاتەوە ، نەک ھەر کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکوو مەوداکان قوڵتر و نێوان ناخۆشیەکان پەرە پێ ئەدات .

رێوشوێنی رووکەشیانە و کاردانەوەیی بەتایبەتی ئەگەر باری یاسایی بەخۆوە بگرێ ، جیا لەوەی کە بە زیادکردنی جەمسەربەندیەکانی ئێستا ، رێگا لەرووی قەیرانەکانی داھاتوو بکاتەوە ، ئەنجامێکی دیکەی لێناکەوێتەوە .

بە گوێرەی دەنگوباسەکان ، لە ھەندێ وڵاتی ئوروپایی ھەندێ یاساو ڕێسا دانراون کە شارومەندان والێدەکەن سیخوڕی بەسەر موسوڵمانانەوە بکەن . ئەم ئاکارانە ستەمکارانەن و ھەموومان دەزانین کە غەدر و ستەم بمانھەوێ و نەمانھەوێ تایبەتمەندیی گەڕانەوەی ھەیە . ھەروەھا موسوڵمانان شیاوی ئەم ناسپاسیانە نین . جیھانی رۆژاوا چەندین سەدەیە بە باشی موسوڵمانان دەناسێ .

 ھەم ئەو رۆژەی کە رۆژاواییەکان لە خاکی ئیسلامدا بوونە میوان چاویان بڕیە سامانی خاوەن ماڵ و ھەم رۆژێکی دیکە کە میواندار بوون و سوودیان لە کارو بیری موسوسڵمانان وەرگرت ، زۆربەی جار لە مێھرەبانی و پشوودرێژی واوەتر ھیچی دیکەیان نەدی . کەوابوو من لە ئێوە لاوانم دەوێ لەسەر بنەمای ناسینێکی دروست و بە وردبوونەوە و قوڵبوونەوە و کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونە ناخۆشەکان ، بناغەی تەعامولێکی دروست و شەرافەتماندانە لە گەڵ جیھانی ئیسلام داڕێژن . ئەوکات ، لە دواڕۆژێکی نە ھێندە دووردا دەبینین ئەو بینایەی کە لەسەر بنچینەیەکی ئاوھا دامەزراوە ، سێبەری دڵنایی و متمانە بەسەر دانەرانیدا بڵاودەکاتەوە ، گەرما وتینی ئاسایش و ئارامییان پێدەبەخشێ و تیشکی ھیوا بۆ دواڕۆژێکی روون دەخاتە سەرگێتی .

 

سەییدعەلی خامەنەیی

8 ی سەرماوەزی 1394 ی ھەتاوی

29 ی نوامبری 2015 ی زایینی

تمامی حقوق این وب سایت متعلق به نهاد نمایندگی مقام معظم رهبری در دانشگاه محقق اردبیلی می باشد